کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئابووریی ئێران لە لێواری داڕماندایە

09:18 - 30 بانەمەڕ 2726

مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە سەرچاوە داراییەکانی ڕێژیمی ئێران لە تەواوبووندان و ئابووریی ئەم وڵاتە لە دۆخی داڕماندایە.

واڵتز لەوبارەوە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لەجیاتی گرتنەبەری هەڵسوکەوتێکی نوێ و ئاشتییانە، دەستی داوەتە هێرشی بەردەوام و بێباکانە بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی کارەبا و هێشتاش لەسەر گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی سوورە کە دەتوانێت جیهان بخاتە نێو تاریکییەوە.

باڵوێزی ئەمریکا جەختی کردەوە کە "ئێمە ناتوانین بەرگەی ئەمە بگرین و هەرگیز قەبووڵی ناکەین."

هاوکات سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی بانەمەڕ لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی دابینکردنی دارایی تێرۆریزم لە پاریس ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان ڕێژیمی ئێرانی لەو داهاتانە بێبەش کردووە کە بۆ "بەرنامە چەکدارییەکان، گرووپە تێرۆریستییە نیابەتییەکان و بەرنامە ناوکییەکانی بەکاری دەهێنان."

وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا زیادی کرد کە واشنگتۆن توانیوییەتی ڕێگری لە گەیشتنی دەیان میلیارد دۆلار لە داهاتی پێشبینیکراوی نەوت بە کۆماری ئیسلامی بکات.