کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا داوا لە ئورووپا دەکات سەرچاوە داراییەکانی ئێران بکاتە ئامانج

09:21 - 30 بانەمەڕ 2726

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی پاریس بۆ بەرەنگاربوونەوەی دابینکردنی دارایی تێرۆریزم، داوای لە هاوپەیمانە ئورووپاییەکان کرد بە توندی هێرش بکەنە سەر سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی.

بێسێنت ڕایگەیاند کە واشنگتۆن هەرچەند لە بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بەتەنیا نییە، بەڵام پێویستە ئورووپاش ڕووبەڕووی کۆمپانیا ساختەکان، بانکە سێبەرەکانی تاران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەر ببێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا لە چوارچێوەی سیاسەتی "تووڕەیی ئابووری"دا، دەیان میلیارد دۆلار لە داهاتی نەوت، سەدان میلیارد دۆلار لە ڕەوتی دارایی نایاسایی و نیو میلیارد دۆلار دراوی دیجیتاڵیی ڕێژیمی ئێرانی پەکخستووە و پێکهاتەی گەمارۆکانی بۆ ڕێگری لە دەورەدانەوەی گۆڕیوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی کەمپەینی تووڕەیی ئابووریدا، سەڕافیی "ئەمین ئێکسچەینج" و تۆڕێک لە کەسایەتی، کۆمپانیا و ١٩ نەوتهەڵگری سەر بە کۆماری ئیسلامیی خستووەتە لیستی گەمارۆ نوێیەکانیەوە.