بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، شاری سەقز ڕووبەڕووی قەیرانێکی قورسی ئابووری و دارایی بووەتەوە. نرخی ئاو، کارەبا و گاز هاوتەریب لەگەڵ بەرزبوونەوەی دۆلار زیاد دەکات و دواکەوتنی پارەدانەکەی سزادانی ڕۆژانەی لێدەکەوێتەوە.
هاوکات، کەمبوونی توندی پارەی نەختینە لە بانکەکاندا، هاووڵاتییانی ناچار بە بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنە بانکییەکان کردووە، کە ئەوانیش بەردەوام تووشی پچڕان دەبن. بانکەکان زیاتر لە ٥٠٠ هەزار تمەن نادەنە کڕیاران و لە بازاڕیشدا فرۆشتنی قەرز و قیست بە تەواوی نەماوە.
لە لایەکی دیکەوە، نرخی دۆلار گەیشتووەتە ١٨٠ هەزار تمەن و نرخی نان و بەنزینیش بە شێوەیەکی دەستکرد ڕاگیراون، بەڵام کاریگەریی توندیان لەسەر گرانیی گشتی داناوە.
لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان، کەرتی پەلەوەر لە سەقز بەرەو پەککەوتن دەچێت.
نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو گەیشتووەتە نێوان ٣٥٥ بۆ ٤٠٠ هەزار تمەن. بەهۆی بازدانی نرخی جووچکی یەکڕۆژە بۆ ١٣٥ هەزار تمەن و ترسی پچڕانی کارەبا لە وەرزی گەرمادا، بەشێکی زۆری مریشکداران دەستیان لە بەرهەمهێنان هەڵگرتووە. هەروەها نرخی هێلکە بووەتە ٢٣٠ هەزار و شیر ٧٥ هەزار تمەن.
لە لایەکی ترەوە، کێشەی کەمبوونی بەنزین و ڕیزبوونی درێژی ئۆتۆمبێلەکان هەیە، لە کاتێکدا دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هێزە حکوومییەکان لە بەنزینخانەی «ئاوینان» بەبێ گرفت و بە شێوەی پێشوو ئەنجام دەدرێت، ئەمەش ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.