دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی، ئامارەکانی گومرگی چین ئاماژە بە دابەزینی ٧٠٪ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دوولایەنە لەگەڵ ئێران دەکەن.
بەپێی داتاکانی گومرگی چین، ئەو وڵاتە لە مانگەکانی مارس و ئاوریل، بە تێکڕا مانگانە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بازرگانیی دوولایەنەی لەگەڵ ئێراندا هەبووە؛ لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە مانگەکانی ژانویە و فێوریە لە دەوروبەری ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.
گومرگی چین ساڵانێکە ئامارەکانی کڕینی نەوت لە ئێرانی لە داتاکانی پەیوەندیدار بە بازرگانیی دوولایەنە دەرکردووە، بەڵام ئامارەکانی دامەزراوەی "کێپلێر" نیشانی دەدەن کە کڕینی ڕۆژانەی نەوتی ئێران لەلایەن پاڵاوگەکانی چینەوە لە مانگی ڕابردوودا تەنیا ١.١٦ میلیۆن بەرمیل بووە، کە ئەمەش نزیکەی ٣٠٪ لە مانگەکانی پێشوو کەمترە.
هاوکات بازرگانیی چین لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی دەوروبەری کەنداو بەهۆی داخرانی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕووبەڕووی دابەزینێکی بەرچاو بووەتەوە.
چین ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٣٤٠ میلیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی کەنداو هەبووە کە هاوتای گشت ئابووریی ئێرانە.
داخرانی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، هاوردەکردنی گشتیی نەوتی چینی تێکداوە؛ لە مانگی مارسدا هاوردەی نەوتی چین ٢٠٪ دابەزیوە و لە مانگی ڕابردووشدا تەنیا ٣٨.٥ میلیۆن تۆن نەوتی هاوردە کردووە، کە دیسان ٢٠٪ لە مانگی ئاوریل کەمترە.