کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا دەیان گەمارۆی نوێی دیکەی بەسەر ئێراندا سەپاند

11:14 - 30 بانەمەڕ 2726

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی بانەمەڕ، سەپاندنی کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر ١٢ کەسایەتی، ٢٩ دامەزراوە و ١٩ کەشتیی پەیوەندیدار بە ئێراندا ڕاگەیاند.

لەو پێوەندییەدا، سکات بێسێنت وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە لە کاتی کۆبوونەوەکانی گرووپی حەوت (G7)،"وتووێژی بنیاتنەر سەبارەت بە ئێران و قەیرانی گەرووی هۆرمۆز ئەنجام دراون.

ئەو جەختی کردەوە واشنگتۆن بە هاواهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کار بۆ توندکردنەوەی گوشارە داراییەکان بۆ سەر تاران دەکات.

بێسێنت جەختی کردەوە کە ئەمریکا بەدوای بنبڕکردنی تۆڕە بانکییە سێبەرەکانی ئێران و بلۆککردنی لقە بانکییە پەیوەندیدارەکانی لە ئورووپایە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە واشنگتۆن پرۆسەی دەورەدانەوەی سزاکان بۆ تاران ئاڵۆزتر دەکات و بە شێوەیەکی بێوچان لە بەئامانجگرتنی تۆڕەکانی گواستنەوە و کۆمپانیا نێوبژیوانەکانی فرۆشتنی نەوتی ئێران بەردەوام دەبێت.

بەپێی وتەی وەزیری خەزێنەداری، ئەمریکا توانیویەتی زیاتر لە نیو میلیار دۆلار دراوی دیجیتاڵیی سەر بە ئێران بلۆک بکات و ڕێگری لە گەیشتنی تاران بە چەندین میلیارد دۆلار لە داهاتی نەوت بگرێت.

ئەم سزایانە لە کاتێکدا دەسەپێنرێن کە گرژییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا بەردەوامن و بازاڕەکانی جیهان لە تێکچوونی زیاتری ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی ئەم کێشانەوە نیگەرانن.