کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەندامێکی پارلەمانی کانادا

11:24 - 30 بانەمەڕ 2726

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٥، هاوڕێ سمایل ئیبراهیمی، نوێنەری حیزب لە کانادا لەگەڵ بەڕێز "جێننی کوان" ئەندامی پارلەمانی کانادا سەر بە حیزبی "دێموکراتی نوێ" کۆ بووەوە و چەند بابەتێکی پێوەندیدار بە گەلی کورد، بارودۆخی ناوچەکە و ڕەوەندی کوردی لە کانادا خستە بەر باس.

سەرەتا نوێنەری حیزب نامیلکەیەکی زانیاریی لەسەر گەلی کورد و ڕەوەندی کوردی لە کانادا بەگشتی و دوایین ئاڵوگۆڕ و ڕووداوەکانی کوردستان و ئێران بەتایبەتی، پێشکەشی بەڕێز "کوان" کرد. ناوبراو بەوردی سەبارەت بە زەبروزەنگی ڕێژیم دژی گەلی کورد، هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب و لایەنە کوردییەکان لە باشووری کوردستان و دۆخی پڕمەترسیی ئەو بنەماڵانەی کە بەهۆی ئەو کردەوە تێرۆریستییانەوە ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان لە کەمپی پەنابەران چۆڵ بکەن و ئاوارەی شار و گوندەکان ببن، زانیاریی پێشکەش کرد.

هەروەها داوای کرد حیزبی دێموکراتی نوێی کانادا لە ئاستی پارلەمان و "هاوپەیمانیی پێشکەوتنخواز" ($Progressive\ Alliance$) دا هەوڵ بدات پێش بە سەرەڕۆیی و کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم بگرێت و پشتیوانی و هاوکاریی مرۆیی بۆ ئەو بنەماڵانە دابین بکرێت.

لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا، نوێنەری حیزب باسی لەوە کرد کە پێویستە کۆمەڵگەی کوردی لە کانادا وەک یەکەیەکی نەتەوەیی سەربەخۆ پێناسە بکرێت و بۆنە و ڕێوڕەسمە کولتووری و نەتەوەییەکان بە ناوی "کورد"ەوە بە فەرمی بکرێن. هەروەها بۆ دیاریکردنی ڕێژەی کورد لە کانادا، زمانی کوردی لە فۆرمی سەرژمێریی ئەو وڵاتەدا زیاد بکرێت. هەر لەو پێوەندییەدا پرسی پەنابەران و گرفتەکانی ئەو پڕۆسەیە خرایە بەر باس.

لای خۆیەوە، بەڕێز "جێننی کوان" ڕایگەیاند کە بە گرینگییەوە بەدواداچوون بۆ ئاڵوگۆڕ و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و بەردەوام پرسی مافی مرۆڤ و ئاوارەکان لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان دێنێتە بەر باس.

سەبارەت بە گرفت و چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییانی کورد لە کانادا، بەڕێز "کوان" ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگاداری بەشێک لەو گیروگرفت و چاوەڕوانییانەیە و بەڵێنی دا بەدواداچوونی ڕژد بۆ ئەو پرسانە بکات.