هاوکات لەگەڵ توندبوونی گەمارۆ ئابوورییەکان و پەککەوتنی فرۆشتنی نەوتی ئێران لە گەرووی هۆرمۆزدا، بەرپرسانی تاران بۆ دەوردانەوەی سزاکان پەنایان بردووەتە بەر کۆڵبەران و مەلەوانان.
لەم چوارچێوەیەدا، نەرگس باقری زۆمۆڕۆدی، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی ڕێساکانی هەناردە و هاوردە لە وەزارەتی پیشەسازی و کانگاکانی ئێران، لە نامەیەکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومڕک ڕایگەیاندووە: "هاوردەکردنی ماددەی خاو بۆ کەرتی پێترۆشیمی و پۆلیمەر لە ڕێگەی کۆڵبەری و مەلەوانییەوە ڕێگەپێدراوە."
هەواڵدەریی "تەسنیم" بڵاوی کردەوە، ئەم بڕیارە بەهۆی کەمبوونی بەرچاوی ماددەی خاو لە یەکە بەرهەمهێنەرەکانی ناوخۆی ئێراندا دراوە و هاوردەکردنەکەش بەپێی یاساکانی تایبەت بە کۆڵبەری و مەلەوانی دەبێت.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی هەمیشە کۆڵبەرانی بە قاچاخچی ناساندووە و لە سنوورەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆ دەیانکاتە ئامانج.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٤٤٧ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی؛ لەم ئامارە ٤٤ کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و ٤٠٣ کۆڵبەری دیکەش بریندار و کەمئەندام بوون.