کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران هەڕەشەی پەرەسەندنی شەڕ بۆ دەرەوەی ناوچەکە دەکات

16:29 - 30 بانەمەڕ 2726

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە هۆشداریی دا کە لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێکی دیکە بۆ سەر تاران، ئاگری شەڕ بۆ "دەرەوەی ناوچەکەش" پەرە دەستێنێت.

سپای تێرۆریستی پاسداران لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن میدیا فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بڵاو کرایەوە، ڕایگەیاندووە: "ئەگەر دەستدرێژی بۆ سەر ئێران دووبارە ببێتەوە، شەڕی ناوچەیی بەڵێنپێدراو، ئەمجارەیان بۆ دەرەوەی ناوچەکەش پەرە دەستێنێت."

ئەم بەیاننامەیە دوای ئەوە بڵاو کرایەوە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە هاوپەیمانەکانی لە کەنداو داوایان لێکردووە هێرشکردنە سەر ئێران بۆ چەند ڕۆژێک دوا بخات، چونکە پێیان وایە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران نزیک بوونەتەوە.

ترامپ وتبووی: "وڵاتانی دیکە هاتوونەتە لای من و وتوویانە کە ئێمە ئامادەین سبەی هێرشێکی زۆر گەورە ئەنجام بدەین."

ناوبراو هەروەها زیادیشی کردبوو: "من ئەم کارەم بۆ ماوەیەک دواخستووە، هیوادارم بۆ هەمیشە بێت، بەڵام پێدەچێت بۆ ماوەیەکی کورت بێت، چونکە ئێمە گفتوگۆی زۆر گرنگمان لەگەڵ ئێراندا هەبووە و هەیە و دەبینین بە چ ئەنجامێک دەگەین."