کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران و نیابەتییەکانی منداڵان دەکەنە قوربانیی ململانێ چەکدارییەکان

16:35 - 30 بانەمەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی لوبنان، گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان، منداڵان وەک ئامرازێک بۆ سیخوڕی و گواستنەوەی تەقەمەنی بەکار دێنێت. ئەم ڕەفتارە نیشاندەری هەمان ئەو سیاسەتە چەوتەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سەرچاوەی سەرەکیی دارایی و ئیدیۆلۆژیی ئەم گرووپە، ساڵانێکە لە خزمەت ئامانجە سەربازی و سیاسییەکانی خۆیدا پەیڕەوی دەکات.

کاناڵی میدیایی "ئێم‌تی‌ڤی"ی لوبنان لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە حیزبوڵڵا بۆ پەروەردەکردنی "نەوەیەکی گوێڕایەڵ و ئامادەی مردن" سوود لە ڕێکخراوەکانی پێشەنگی خۆی وەردەگرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم منداڵانە کە زیاتر کوڕ و کچی چەکدارانی حیزبوڵڵان، لەلایەن ئەم گرووپەوە بۆ کاری سیخوڕی و گواستنەوەی تەقەمەنی و پێداویستیی سەربازی کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.

ئەم کاناڵە لوبنانییە زیادی کردووە کە ژمارەیەکی زۆر لەم منداڵانە بە بیرۆکەی وەفاداری بۆ خومەینی و ئامانجەکانی ئەو پەروەردە دەکرێن.

بەکارهێنانی منداڵان لە شەڕدا، ڕەنگدانەوەی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێرانە. کۆماری ئیسلامی کە حیزبوڵڵا بۆ ئامانجەکانی بەکار دێنێت، مێژوویەکی ڕەشی لەم بوارەدا هەیە؛ چ لە کاتی شەڕی عێراق و ئێراندا بە ناردنی هەزاران منداڵ بۆ سەر کێڵگەکانی مین و چ ئێستا لە ڕێگەی بەسیجەوە بۆ سەرکوتکاری و پڕوپاگەندە.