کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری بەشی پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ ئەندامێکی پارلەمانی ڤییەن

09:33 - 31 بانەمەڕ 2726

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی بانەمەڕ، محەممەد فەقێ‌عەلی لە بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش، لەگەڵ خاتوو "سایە ئەحمەد" ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتیی شاری ڤییەن و بەرپرسی ناوچەی ٩ی ئەو شارە لە حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئوتریش، کۆ بووەوە.

لەو دانیشتنەدا هەردوولا لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی ئێران و کوردستان بەگشتی و دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد بەتایبەتی، بیروڕایان گۆڕییەوە. هاوکات جەخت لەسەر پەرەپێدانی پێوەندییەکان و کارکردنی هاوبەشی نێوان حیزبی دێموکرات و حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئوتریش کرایەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، محەممەد فەقێ‌عەلی چەند پڕۆژە و پلانی کاریی حیزبی بۆ داهاتوو وەک کاری هاوبەشی نێوان هەردوولا پێشنیار کرد، کە بڕیاریان لەسەر دا لە داهاتوودا پێکەوە کاریان بۆ بکەن و ڕایانپەڕێنن.

شایانی باسە، خاتوو "سایە ئەحمەد" کەسایەتییەکی سیاسیی سەرکەوتووی کوردی نیشتەجێی ئوتریشە و بەردەوام لە پێگەی خۆیەوە پشتیوان و داکۆکیکاری دۆزی ڕەوای نەتەوەکەی بووە.