مارک لۆوین، پێشکەشکار و شرۆڤەکاری سیاسیی کاناڵی "فاکس نیوز"، لە بەرنامەی (ژیان، ئازادی و لۆوین)دا، ڕەخنەی توندی ئاراستەی ستراتێژیی ڕۆژاوا لە هەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران گرت و ڕایگەیاند کە پێکهاتەی ئیدیۆلۆژیی تاران بە دانوستان و ڕێککەوتن ناگۆڕێت.
لۆوین بە ئاماژەدان بە ڕاگرتنی کاتیی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا دژی ئێران و پێدانی دەرفەتێکی ٢ بۆ ٣ ڕۆژە بە تاران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، ڕایگەیاند: "تاران لە لێواری دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمییە و خاوەنی پاشکەوتی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی ١٠ بۆمبی ئەتۆمی لە ماوەی تەنیا ١١ ڕۆژدایە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە بەو هۆیانەوە متمانەکردن بە بەڵێنەکانی ڕێژیمێک کە پێشتر تەواوی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە، هەڵەیەکی ستراتێژییە.
ئەم شرۆڤەکاری سیاسییە جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی وەک دەوڵەتێکی ئاسایی ڕەفتار ناکات، بەڵکوو قەوارەیەکی ئیدیۆلۆژیی توندئاژۆیە کە بنەمای بیرکردنەوەی لەسەر بنبڕکردنی نەیارانی و پەرەپێدانی "شۆڕشی بێسنوور" داڕێژراوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنانەت ئەگەر گەورەترین ڕێککەوتنی مێژووییش واژۆ بکرێت، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی فێڵ و پشتبەستن بە کات، بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی و پاڵپشتیکردنی گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵڵا و حەماس.
لۆوین لە کۆتاییدا هۆشداریی دا کە کێشەی سەرەکی، خودی بوونی ئەم ڕێژیمەیە؛ چونکە لێبڕاوانە لەهەمبەر ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکانی خەڵکی ئێران دەستی داوەتە سەرکوتکاریی توند و ئەگەر پاشەکشەی پێ نەکرێت، کۆنترۆڵکردنی لە داهاتوودا مەحاڵ دەبێت.