کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: دانوستانەکان لە نێوان ڕێککەوتن و دەستپێکردنەوەی هێرشەکاندایە

09:50 - 31 بانەمەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لەسەر هێڵی نێوان گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ یان دەستپێکردنەوەی هێرشەکانە و جەختی کردەوە کە ئەگەر وڵامی ڕوون لە تارانەوە وەرنەگرن، واشنگتۆن بۆ دەستپێکردنەوەی کردەوە سەربازییەکانی ئامادەیە.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، دۆناڵد ترامپ لە بنکەی سەربازیی "ئاندرۆز" لە نزیک واشنگتۆن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن "پەلەی نییە" و واشنگتۆن دەتوانێت چەند ڕۆژێکی تریش چاوەڕوان بێت، بەڵام پێویستە ئەو وڵامانەی لە تارانەوە دێن "بە تەواوی و سەد لە سەد سەد باش و ڕاست بن."

سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر ئێران بگاتە ڕێککەوتن، ڕێگری لە زیانی گیانی و بەفیڕۆچوونی کات و وزە دەکرێت و ئەمەش دەکرێت زۆر خێرا و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ڕوو بدات.

هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە نێوان تاران و واشنگتۆن لە ڕێگەی ئیسلام‌ئابادەوە و لەسەر بنەمای گەڵاڵە ١٤ خاڵییەکەی ئێران بەردەوامە.

 ناوبراو ئامانجی سەردانی وەزیری ناوخۆی پاکستانی بۆ تاران لە چوارچێوەی ئاسانکاری بۆ ئەم پرۆسەیە ناو برد.

لەلایەکی تریشەوە، سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەست پێ بکاتەوە، ئەوا شەڕەکە بۆ "دەرەوەی ناوچەکەش" دەگوازێتەوە و پەرەی پێ دەدات.