کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕمانی توانای کڕین لە ئێران؛ یارانەی سێ ملیۆنی و ڕۆنی سێ ملیۆن و نیوی

10:03 - 31 بانەمەڕ 2726

ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی نێوخۆی ئێران لە بانەمەڕی ١٤٠٥ نیشانی دەدەن کە بەهۆی هەڵاوسانی زیاتر لە ٢٠٠٪ی ماددە خۆراکییەکان، توانای کڕینی خەڵک بە تەواوی دابەزیوە و یارانەی سێ ملیۆن تمەنیی بنەماڵەیەکی سێ کەسی، تەنانەت تێچووی کڕینی تەنەکەیەک ڕۆنی پێنج کیلۆیی کە گەیشتووەتە ٣.٤ میلیۆن تمەن، دابین ناکات.

هاوکات لەگەڵ داڕمانی ژێرخانەکان، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ڕێژیم، بەبێ پێشکەشکردنی هیچ ڕێگەچارەیەک، خەڵکی بە "زێدەڕۆیی" تۆمەتبار کردووە و داوای لێ کردوون "سەختییەکانی شەڕ" قەبووڵ بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهای کاڵابەرگ لەنێوان ٦٠ بۆ ٧٠٪ دابەزیوە و گۆشتی مریشک و ته‌نانەت نان و بەستەنیش چەند هێندە گران بوون.

قەیرانی ئابووری کەرتی تەندروستیشی گرتووەتەوە؛ نرخی دەرمان تا ٣٨٠٪ بەرز بووەتەوە و تێچووی مانگانەی نەخۆشێکی شێرپەنجە گەیشتووەتە ١٠ میلیۆن تمەن.

نەبوونی دەرمان و گرانیی پشکنینەکان وای کردووە بەشێک لە هاووڵاتییان واز لە چارەسەر بهێنن یان بەهۆی بێ‌پوولییەوە ددانەکانیان بکێشن.

کارەساتی دەرمان و گرانبوونی سەرسووڕهێنەری تێچووەکانی تەندروستی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێژیمی تاران مافی سەرەتایی ژیانی لە هاووڵاتییان زەوت کردووە و کۆمەڵگەی بەرەو فەوتانی گشتی دەبات.