کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵگریی ئەمریکا: تاران زۆر خێراتر لە پێشبینییەکان ژێرخانی سەربازیی خۆی بنیات دەنێتەوە

10:33 - 31 بانەمەڕ 2726

بەپێی بەڵگەنامە و هەڵسەنگاندنە نوێیەکانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئاگربەستی شەش حەوتوویی ئەم دواییانەدا، بەشێکی بەرچاو لە هێڵی بەرهەمهێنانی دڕۆنەکانی خستووەتەوە گەڕ.

ئەم زانیارییانە دەرخەری ئەوەن کە ڕێژیمی تاران زۆر خێراتر لەوەی سەرەتا مەزندە دەکرا، خەریکی قەرەبووکردنەوە و چاککردنەوەی ئەو بەشە لە ژێرخانە سەربازییانەیە کە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا زیانیان بەرکەوتبوو.

کاناڵی "سی ئێن ئێن" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە، ئەم ڕاپۆرتە نوێیە بە تەواوی دژی ئیدیعای سێنتکامە کە پێشتر ڕایگەیاندبوو ٩٠٪ی پیشەسازیی بەرگریی ئێران لەنێو چووە و بنیاتنانەوەی ساڵانی دەوێت؛ بەڵکوو بەپێی ئامارە نوێیەکان، ئێران دەتوانێت تەنیا لە ماوەی شەش مانگدا تەواوی توانای هێرشبەریی دڕۆنەکانی بگەڕێنێتەوە دۆخی پێشوو.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هۆکاری ئەم پێشڤەچوونە خێرایە بۆ بەردەوامیی هاوکارییەکانی ڕووسیە و بەتایبەت ناردنی پارچەی مووشەکی لەلایەن چینەوە دەگەڕێتەوە و ئێستا دەرکەوتووە کە دوو لەسێی سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەک و نیوەی دڕۆنەکانی ئێران هێشتا ساغن.

ئەم بابەتە، هاوکات لەگەڵ مانەوەی مووشەکە کرووزەکانی کەناراوەکان کە مەترسین بۆ سەر گەرووی هۆرمۆز، نیشانی دەدات کە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دۆناڵد ترامپ، تاران هێشتا هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی ناوچەکەیە.