کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی باوکی دوو شەهیدی کوردستان لە ناوچەی سەقز

11:36 - 31 بانەمەڕ 2726

بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، مام مەحموود محەممەدزادە باوکی دوو شەهیدی حیزب و گەل لە گوندی "سەیفاوە"ی سەر بە شاری سەقز کۆچی دوایی کرد.

مام مەحموود لە ماوەی تەمەنی پڕ لە شانازیی خۆیدا، کەسایەتییەکی خۆشناو، ڕووحسووک، شۆڕشگێڕ و جێگای بڕوای خەڵکی ناوچەکە بوو.

لە سەردەمی خەباتی چەکداری و لە کاتی تەنگانەدا ماڵی مام مەحموود و هاوسەرە دڵسۆزەکەی دایە ئامین، حەشارگە و پەناگەیەکی ئەمن بۆ پێشمەرگە و کادرەکانی حیزبی دێموکرات بوو و ئەوانیش وەک گلێنەی چاویان دەیانپاراستن.

ئەم باوکە تێکۆشەرە، جگە لە خزمەت و پشتیوانیی بەردەوامی لە شۆڕش، دوو ڕۆڵەی پێشکەش بە کاروانی سوورخەڵاتی ئازادیی کوردستان کردووە.

تۆفیق محەممەدزادە لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە شەڕ و بەربەرەکانێیەکدا لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم لەسەر جاددەی سەقز تێکەڵ بە کاروانی شەهید بوو.

ڕەسووڵ محەممەدزادە لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە شەڕ دژی تێرۆریستانی داعشدا شەهید بوو.

هەروەها کچێکی مام مەحموود بە ناوی "گوڵالە محەممەدزادە"، چەندین دەیەیە وەک کادرێکی تێکۆشەر لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا خەریکی خەبات و تێکۆشانە.

مام مەحموود لە کاتی شەهیدبوونی کوڕەکەی (ڕەسووڵ)دا، بە ورەیەکی بەرزەوە وتبووی: "من زۆر سەربەرزم؛ کوردستان ئەگەر ڕۆڵەی وەک ڕەسووڵ گیانی بۆ نەبەخشێت هەر لەژێر دیلیدا دەمێنێتەوە. من دوو کوڕم پێشکەش بە نیشتمان کردووە و ئەم نیشتمانە تەنیا بە خوێنی لاوەکانی ڕزگار دەبێت."

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.