کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ بەشی فارسی کاناڵی"دەنگی ئەمریکا"، تیشکی خستە سەر هێرشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزب و کەمپی پەنابەران و ڕایگەیاند کە ئامانجی سەرەکیی ڕێژیم لەم هێرشانە، لادانی سەرنجی ڕای گشتیی خەڵکی ئێران لە کێشە نێوخۆییەکان و دروستکردنی کەشی شەڕ لە ناوچەکەدایە.
بەڕێز خالید عەزیزی لەم وتووێژەدا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێت بەم کردەوانە تۆڵە لە خەباتی بەردەوامی گەلی کورد لە نێوخۆی وڵات بکاتەوە و هاوکات کێشە بۆ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بکات.
ناوبراو جەختی کردەوە کە زۆربەی هەرە زۆری ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و کەمپەکانی نیشتەجێبوون لە باشووری کوردستان تەنیا شوێنی مەدەنی و پەنابەریین، نەک بنکەی نیزامی.
سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات ڕایگەیاند: "ئەم شەڕە زیاتر بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ناوکی و موشەکییەکانی ئێرانە، بەڵام چارەسەری سەرەکی و دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی ئێران دەبێت لە نێوخۆی وڵات و بە دەستی خودی گەلانی ئێران ئەنجام بدرێت."
ناوبراو ڕەخنەی لە نەبوونی بەرنامەیەکی ڕوون لەلایەن وڵاتانی دەرەوە بۆ پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆن و دروستکردنی ئالتێرناتیڤێکی دێموکراتیک گرت.
لە بەشێکی تری وتووێژەکەدا، لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هاوکاری لەگەڵ لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، کاک خالید ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکرات هەمیشە لەگەڵ پێکهاتە و بیروڕا جیاوازەکان لە گفتوگۆدا بووە و باوەڕی وایە کە داهاتووی ئێران دەبێت لەسەر بنەمای فرەیی و جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت بێت و ئێمە دژی گەڕانەوەی نیزامی پاشایەتی و مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامین."
وتەبێژی حیزب جەختی کردەوە کە حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی نەتەوەیی و دێموکراتیک، هەمیشە خەباتی خۆی بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێران و دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێرانی داهاتوودا درێژە پێ دەدات.