کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەریوان لە ژێر باری قەیرانی سووتەمەنی و دۆخی توندی سەربازیدا

15:01 - 31 بانەمەڕ 2726

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شاری مەریوانەوە گەیشتوون، ماوەیەکە قەیرانێکی قورسی سووتەمەنی و دارایی ئەو شارەی گرتووەتەوە و هاوکات هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دۆخێکی توندی سەربازییان بەسەر ناوچەکەدا سەپاندووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات، ماوەیەکە دابەشکردنی بەنزین سەهمییەبەندی کراوە و بۆ هەر جارێک تەنیا ١٥ لیتر دەدرێتە شۆفێران؛ ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک لە کاتژمێر ٥ی بەیانییەوە لە ڕیزی چەند کاتژمێریدا بوەستن.

لە لایەکی دیکەوە، بانکەکانی مەریوان ڕۆژانە تەنیا ٢ بۆ ٣ کاتژمێر دەکرێنەوە و بەهۆی نەبوونی نەختینەوە، ڕێگە بە ڕاکێشانی زیاتر لە ٢٠ میلیۆن تمەن نادرێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم گوشارە ئابوورییانە، ئەمڕۆ ٣١ی بانەمەڕ، هێزەکانی ڕێژیم بە چەک و چۆڵی نیوەقورسەوە لە ناو شاردا بە مەبەستی ترساندنی هاووڵاتییان دەستیان بە نمایشی هێز کردووە.

کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە، هێزێکی زۆری ناخۆجێیی هێناوەتە مەریوان و لە ڕێگاکاندا بازگەی پشکنینی داناوە؛ ئەم هێزانە داوای کارتی پێناس لە خەڵک دەکەن و لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکەن کە خەڵکی شارەکە نین.