کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕمانی بازرگانیی نێوان ئێران و ئورووپا لە یەکەم مانگی شەڕدا

16:01 - 31 بانەمەڕ 2726

ئامارە نوێیەکانی ناوەندی ئاماری یەکیەتیی ئورووپا دەرخەری ئەوەن کە لە مانگی مارسی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەم یەکیەتییە و ئێران بە شێوازێکی بێ‌وێنە داڕماوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەناردەی وڵاتی ئاڵمان وەک گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێران لە ئورووپا، لە مانگی مارسدا بۆ کەمتر لە ٢٥ میلیۆن یۆرۆ دابەزیوە کە ئەم بڕە نزیکەی یەک لەسێی مانگەکانی پێش دەستپێکردنی شەڕە.

هاوکات هەناردەی ئیتالیاش وەک دووەم هاوبەشی بازرگانی، تووشی هەمان داڕمان بووە و گەیشتووەتە ژێر ١٠ میلیۆن یۆرۆ.

ئامارەکان نیشانی دەدەن کە هەناردەی فەڕانسە و ئوتریش بۆ ئێران بۆ یەک لەسەر پێنجی مانگەکانی پێش شەڕ دابەزیوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو ئاستی هەناردەی ئێران بۆ یەکیەتیی ئورووپا ٧٥٠ میلیۆن یۆرۆ و قەبارەی هاوردەکردنی لەو یەکیەتییە ٢.٧ میلیار یۆرۆ بووە.

ئەگەرچی هەناردەی ئێرانیش بۆ ئورووپا لەم مانگەدا دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام ڕێژەی داڕمانی هاوردەکردنی کاڵا ئورووپییەکان بۆ نێوخۆی ئێران زۆر زیاتر و قورستر بووە.