کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرمانی موجتەبا خامنەیی دژی یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکا

16:16 - 31 بانەمەڕ 2726

موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی، فەرمانێکی دەرکردووە کە بەپێی ئەو فەرمانە، نابێت ئۆرانیۆمی پیتێندراو بە ڕێژەی سەرێ بۆ دەرەوەی وڵات بگوازرێتەوە؛ کە بەپێچەوانەی یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە دانوستانەکانە.

هەواڵدەریی "ڕویتێرز" لە زاری دوو سەرچاوەی باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە ڕایگەیاند ئەم فەرمانەی موجتەبا خامنەیی دەبێتە هۆی نائومێدکردنی زیاتری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا و پرۆسەی دانوستانە ئاڵۆزەکانی پێوەندیدار بە کۆتاییهێنان بە شەڕی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پەکدەخات.

بەرپرسانی ئیسرائیلی بە ڕویتێرزیان ڕاگەیاندووە کە ترامپ پێشتر ئیسرائیلی دڵنیا کردبووەوە کە پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران (کە نزیکە لە ئاستی چەکی ئەتۆمی) بۆ دەرەوەی وڵات دەگوازرێتەوە و هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی دەبێت ئەم خاڵە لەخۆ بگرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا هیچ کام لە میدیا فەرمی و حکوومەتییەکانی ڕێژیمی ئێران ئەم هەواڵەیان بڵاو نەکردووەتەوە.