ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، ئەندامێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک "مەنسوور محەممەدی"، لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک مەنسوور، خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"ی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بوو. ناوبراو کەسایەتییەکی خۆشەویست، نیشتمانپەروەر و جێگەی متمانەی خەڵکی ناوچەکە و ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات بوو کە تەمەنێک بە ئەمەکدارییەوە لەپێناو ئامانجەکانی گەلەکەیدا مایەوە.
تەرمی ناوبراو، لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی نیشتمانپەروەری گوندی تەنگیسەردا بە خاک سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و دۆستانی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.