کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلەمانی ئورووپا بڕیارنامەیەکی دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران پەسەند کرد

09:40 - 1 جۆزەردان 2726

پارلەمانی ئورووپا بڕیارنامەیەکی تایبەتی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی ئێران، ئەفغانستان و ئەندۆنێزی پەسەند کرد.

ئەندامانی ئەو پارلەمانە لە ڕێگەی ئەم بڕیارنامەیەوە هاوسۆزی و پشتیوانیی قووڵی خۆیان بۆ خەڵکی ئێران دەربڕی و ڕایانگەیاند کە خەڵکی ئەو وڵاتە لە ئێستادا لەگەڵ گەورەترین شەپۆلی کۆمەڵکوژیی خۆپیشاندەران لە مێژووی هاوچەرخی خۆیاندا بەرەوڕوون.

له بەشێکی تری ئەم بەڵگەنامەیەدا، پارلەمانتارانی ئورووپا نیگەرانیی توندی خۆیان بەرامبەر بە لەسێدارەدانی نهێنیی بەندکراوانی سیاسی لە مانگەکانی ڕابردوودا دەربڕی، بەتایبەت کە لەنێو لەسێدارەدراوەکاندا منداڵ و کەسانی خوار تەمەنی یاسایی هەبوون.

 لەم ڕوانگەیەوە، ئەو پارلەمانە داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد کە بەبێ مەرج و بەپەلە، سەرجەم زیندانییانی سیاسی و دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان ئازاد بکەن.

هاوکات پارلەمانی ئورووپا داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە بازنەی سزاکانی سەر ئەو بەرپرسە ئێرانیانە فراوانتر بکات کە دەستیان لە سەرکوتکردنی خەڵکدا هەبووە. ئەم داواکارییە بەشێوەیەکی تایبەت سپای پاسداران و سەرجەم ئەو دامەزراوە دارایی و سیاسییانە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ سەر بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانن.

بەپێی بڕیارنامەکە، پێویستە ڕێگری لە هاتنی ئەندامانی سپای پاسداران و تەنانەت بنەماڵەکانیان بۆ نێو خاکی وڵاتانی ئورووپا بکرێت.

ئەم بڕیارنامە توندە، دوای دەنگدانێکی بەرفراوان و بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامان پەسەند کرا، بە جۆرێک کە ٥١٦ پارلەمانتار دەنگی ئەرێنی، ١٤ پارلەمانتار دەنگی نەرێنی و ٣٩ ئەندامیش دەنگی بێلایەنیان پێدا.