دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە واشنگتۆن لەگەڵ وەرگرتنی باج لە کەشتییەکان لەلایەن ئێرانەوە لە گەرووی هۆرمۆزدا هاوڕا نییە و دەست بەسەر پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئەو وڵاتەدا دەگرێت.
ترامپ وتی: "ئێمە دەست بەسەر ئۆرانیۆمی ئێراندا دەگرین و پێدەچێت پاشان بیفەوتێنین، بەڵام ڕێگە نادەین لە دەستی ئەواندا بمێنێتەوە."
ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە کە هەواڵدەریی "ڕویتێرز" لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاوی کردەوە کە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، فەرمانی داوە پاشەکەوتی ئۆرانیۆم بۆ دەرەوەی وڵات ڕەوانە نەکرێت، چونکە گواستنەوەی ئەم ماددانە، ئێران لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا لاوازتر دەکات.
پێش شەڕی ١٢ ڕۆژەی ساڵی ڕابردوو، ڕێژیمی ئێران خاوەنی ٤٠٠ کیلۆگرام ئۆرانیۆمی ٦٠٪ بوو کە بەهۆی هێرشی ئەمریکاوە لەژێر داروپەردووی دامەزراوە ئەتۆمییەکاندا ماوەتەوە.
ترامپ جەختی کردەوە کە یان دڵنیا دەبنەوە لەوەی تاران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، یان ناچار دەبن کاردانەوەیەکی زۆر توند نیشان بدەن.
ئەو وتیشی: "ئێمە کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هۆرمۆزمان لەدەستدایە و گەمارۆی دەریایی بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت."
هاوکات مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی دا کە ئەگەر ئێران باج لە کەشتییەکان وەربگرێت، گەیشتن بە ڕێککەوتن مەحاڵ دەبێت.