کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری هێرشی کتوپڕی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو لە ئارادایە

09:45 - 1 جۆزەردان 2726

بەرپرسانی هەواڵگری هۆشداری دەدەن کە پێدەچێت کۆماری ئیسلامیی ئێران پلان بۆ هێرشێکی پێشوەختە و کتوپڕ بە مووشەک و دڕۆن بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل دابڕێژێت.

ئەم هۆشدارییە دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنییەتی لەلایەن ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری و فەرماندە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە بڵاو کرایەوە.

ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ و بێنیامین نێتانیاهوو لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی دانوستانەکانی ئاگربەست لەگەڵ تاراندا تووشی ناکۆکی بوون.

بەرپرسانی ئەمنییەتی ڕایانگەیاندووە کە تاران دەیەوێت پێش بێ‌هیوابوونی تەواوی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕێگەی دیپلۆماسی، هێرشێکی هاوشێوەی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکانی تووڕەیی حەماسی و نەڕەی شێران ئەنجام بدات.

لە بەرامبەردا، ئەیال زەمیر، بەرپرسی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل و هیدای زیلبێرمان، فەرماندەی هێزی ئاسمانی، هاواهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەکانیان لەگەڵ هاوتا ئەمریکاییەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک چڕتر کردووەتەوە.

بەپێی سەرچاوە سەربازییەکان، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بەهۆی ئەم ئامادەکارییانەوە، ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتووی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.