کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆبیۆ: باج وەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە گەرووی هۆرمۆز تەواو نایاساییە

09:47 - 1 جۆزەردان 2726

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هەر جۆرە سیستمێکی باج وەرگرتن لەلایەن ئێرانەوە لە گەرووی هۆرمۆزدا بە "نایاسایی" پێناسە دەکرێت و ڕێگەی پێ نادرێت.

رۆبیۆ پێش سەفەر بۆ وڵاتانی سوید و هێند، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "ئێمە هەمیشە وتوومانە کە سیستمی باجوەرگرتن لە گەرووە نێودەوڵەتییەکاندا قەبووڵنەکراوە و تەنیا ئێمەش نین کە ئەمە دەڵێین؛ بەڵکوو تەواوی جیهان هاوڕایە و لە ئێستاشدا بڕیارنامەیەکمان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە و هەوڵ دەدەین بابەتەکە ببەینە شۆرای ئەمنییەت".

ناوبراو هۆشداریی دا کە ئەگەر تاران بەردەوام بێت لەسەر ئەم ڕەفتارە، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی مەحاڵ دەبێت، چونکە ئەم کارە هەڕەشە بۆ سەر جیهانە و کارێکی تەواو نایاساییە.

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێن کە ڕێکخراوی گەرووی کەنداوی فارسی ئێران (PGSA) سنووری نوێی بۆ ئەم گەرووە نێودەوڵەتییە دیاری کردووە و دەسەڵاتی چاوەدێری و ڕێکخستنی چالاکییە دەریاییەکانی فراوانتر کردووە.

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆزی بە توندی سنووردار کردووە و بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای زانیاریی دەریایی، هەندێک لە کەشتییەکان بۆ تێپەڕین لە گەرووەکە ناچار کراون بڕی تا ٢ میلیۆن دۆلار وەک باج بدەن.