کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤۆڵکێر تورک: کۆماری ئیسلامی دۆخی شەڕ بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی نێوخۆیی بەکار دێنێت

10:55 - 1 جۆزەردان 2726

ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی بانەمەڕ، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانی و سەرکۆنەی توندی خۆی بۆ لەسێدارەدانی دوو زیندانیی دیکە لە ئێران دەربڕی.

ڤۆڵکێر تورک، کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤ، تارانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە گرژی و دۆخی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل وەک بەهانەیەک بۆ توندکردنەوەی سەرکوتکارییەکان و بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکانی نێوخۆی وڵات بەکار دەهێنێت.

نوسینگەی ڤۆڵکێر تورک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە کاتی دەستپێکردنی گرژییە سەربازییەکانەوە، لانیەم ٣٤ کەس بە تۆمەتی سیاسی و پەیوەندیدار بە ئەمنییەتی نەتەوەیی، لەوانەش بەهۆی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا، لە سێدارە  دراون. نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە کە قۆستنەوەی ململانێ دەرەکییەکان لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان، بە هیچ شێوەیەک قەبووڵکراو نییە.

ئەم هەڵوێستە توندە نێودەوڵەتییە دوای ئەوەیە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی بانەمەڕ دەزگای سەرکوتکەری بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "ڕامین زلە و کەریم مەعرووف‌پوور"ی لە سێدارەدا.