کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماریخوازەکان دەنگدان لەسەر بڕیارنامەی کۆتایهێنان بە شەڕ دژی ئێرانیان هەڵوەشاندەوە

11:06 - 1 جۆزەردان 2726

کۆماریخوازەکانی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، دەنگدانیان لەسەر بڕیارنامەی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی شەڕی سەرۆککۆماریان هەڵوەشاندەوە کە ئامانج لێی کۆتایهێنان بە شەڕی ئەمریکا دژ بە ئێران بوو؛ بەم شێوەیە دەنگدان لەسەر ئەو پرسە بۆ مانگی ژوئەنی داهاتوو دوا خرا.

پڕۆژەی ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن دێموکراتەکانەوە پێشکەش کرابوو؛ ئەوان لەو بڕوایەدان کە کۆماریخوازەکان تەنیا لەبەر ئەوە دەنگدانەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە، چونکە دڵنیا بوون لەوەی بۆ ڕەتکردنەوەی پڕۆژەیاساکە دەنگی پێویستیان لەبەر دەستدا نییە.

کۆماریخوازەکان تا ئێستا بە شێوەیەکی بەربڵاو پشتگیرییان لە هەوڵەکانی دۆناڵد ترامپ بۆ لەنێوبردنی توانای ئەتۆمیی ئێران کردووە، بەڵام لە ئێستادا بەشێک لە نوێنەرانی نێو ئەو حیزبە دەڵێن کە مۆڵەتی یاسایی سەرۆککۆمار بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ بەبێ ڕەزامەندیی کۆنگرە کۆتایی هاتووە.

بەپێی یاسای دەسەڵاتەکانی شەڕ کە لە ساڵی ١٩٧٣دا پەسەند کراوە، سەرۆککۆمارەکانی ئەمریکا پێش ئەوەی کۆنگرە ڕێگەی فەرمی بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بدات بۆ چوونە نێو هەر ململانێیەکی سەربازی تەنها ٦٠ ڕۆژ مۆڵەتیان لەبەردەستە.