ڕۆژی هەینی ١ی جۆزەردان، سەلاح پوورئەسەد نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوسترالیا، لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە لەگەڵ خاتوو "جوڵی ئەن کەمپبیڵ" نوێنەری پارلەمانی فیدراڵیی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری حیزب تیشکی خستە سەر هێرشە دڕۆنی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپ و بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان و ڕایگەیاند کە تەنانەت دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکاش، زیاتر لە ٢٠٠ جار هێرش کراوەتە سەریان و بەهۆیەوە ٢٠ کەس شەهید و دەیان کەسیش بریندار بوون.
بۆیە داوای لە دەوڵەتی ئوسترالیا کرد کە ڕێگری لەم کردەوە تێرۆریستییانەی تاران بکات و چاوپێکەوتنێکیش لەگەڵ کۆمیتەی مافی مرۆڤی پارلەمان ڕێک بخات.
هەروەها ئاماژە بە بارودۆخی نێوخۆی ئێران، دەسبەسەرکردنی هەزاران هاووڵاتی و شەپۆلی لەسێدارەدانی ٦٨٢ کەس لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا کرا. هاوکات باسی مەترسیی ئەمنییەتی گەڕاندنەوەی ژنانی سەر بە داعش بۆ ئوسترالیا و مێکانیزمی بەڕێوەبردنی سێمیناری ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لەنێو هۆڵی پارلەمانی ئوسترالیادا کرا.
خاتوو کەمپبیڵ بەڵێنی دا لە حەوتووی داهاتووەوە ئەم بابەتانە لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتەکەی باس بکات و هاوکاری تەواو بۆ ڕێکخستنی چاوپێکەوتن لەگەڵ کۆمیتەی مافی مرۆڤ و میوانداریکردنی سێمیناری ساڵیادی شۆڕشی ژینا پێشکەش بکات.