کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیکی هێلی: ئامانجی تاران لە درێژکردنەوەی دانوستانەکان دەستڕاگەیشتنە بە چەکی ئەتۆمی

12:44 - 1 جۆزەردان 2726

نیکی هێلی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریی دا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پرۆسەی دانوستانەکان درێژ دەکاتەوە، چونکە هەمیشە تەنیا مەبەستی بووە کات بکوژێت و هەرگیز نەیویستووە بگاتە هیچ ڕێککەوتنێک.

هێلی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: "ئێران خۆی لە ڕێککەوتن دەدزێتەوە، چونکە چەکی ئەتۆمی دەوێت تا لەو ڕێگەیەوە هەڕەشە لە ئیسرائیل، ئەمریکا و تەواوی جیهان بکات."

ئەم لێدوانانەی هێلی دوای ئەوە دێن کە هەواڵدەریی ڕویتێرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە ئاشکرای کرد کە بەرنامەی پیتاندنی ئۆرانیۆم و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هۆرمۆز، هێشتا وەک دوو خاڵی سەرەکیی ناکۆکی لە نێوان تاران و واشنگتۆندا ماونەتەوە و هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، دۆناڵد ترامپ هۆشداریی داوە کە ئەگەر ئێران دەسبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەبێت، ڕووبەڕووی "ڕووداوێکی زۆر جیددی" دەبێتەوە.

نیکی هێلی پێشتریش ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی تارانی وەک "ساتێکی مێژوویی و یەکلاکەرەوە" پێناسە کردبوو.