کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی دژی ئێران ئامادە دەکات

08:58 - 2 جۆزەردان 2726

سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاندووە کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی هەینی خەریکی ئامادەکاری بووە بۆ ئەنجامدانی خولێکی نوێی هێرشی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هێشتا بەردەوامن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "سی‌بی‌ئێس نیوز"، بەهۆی پێشبینیکردنی ئەم هێرشانەوە، بەشێک لە هێزە هەواڵگری و سەربازییەکانی ئەمریکا پلانەکانی پشووی کۆتایی حەفتەی خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە و ترامپیش بەهۆی بارودۆخی وڵاتەوە بەشداریی لە ڕێوڕەسمی هاوسەرگیریی کوڕەکەیدا نەکردووە.

هاوکات "سی‌بی‌ئێس" لە زاری ئانا کێلی، وتەبێژی کۆشکی سپییەوە بڵاوی کردەوە کە دۆناڵد ترامپ هێڵە سوورەکانی خۆی بە ڕوونی دیاری کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئێران هەرگیز نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ناتوانێت پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی بپارێزێت.

"سی‌بی‌ئێس" ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێشنیاری کۆتایی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕەوانەی تاران کراوە و هۆشداری دراوەتە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کە ڕەتکردنەوەی ئەم پێشنیارە بە واتای دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، سپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی داوە کە هەر جۆرە هێرشێکی نوێی ئەمریکا یان ئیسرائیل، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی شەڕەکە بۆ دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.