کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مارکۆ ڕۆبیۆ: ڕەنگە بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز پێویستمان بە "پلانی B" بێت

09:19 - 2 جۆزەردان 2726

گەرووی هۆرمۆز هێشتا وەک یەکێک لە چەقە سەرەکییەکانی گرژی لە ململانێکاندا ماوەتەوە. ئێستا مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە ڕوونی باس لە "پلانی B" دەکات؛ ئەم پلانە بۆ کاتێکە کە ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگە بە داخراوی بمێنێتەوە یان جارێکی دیکە بکرێتە ئامانجی هێرش.

مارکۆ ڕۆبیۆ لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە سوید، داوای لێکۆڵینەوەی لەسەر "پلانی B" بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز کرد. ڕوبیۆ لە شاری "هێلسینبۆری" ڕایگەیاند کە هەمووان پێشوازی لە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەکەن کە کردنەوەی ئەم گەرووەی تێدا بێت، وەک ڕێڕەوێکی گرینگ بۆ بازاڕی جیهانیی نەوت و گاز.

بەڵام ئەگەر ئێران ئامادە نەبێت ئەم ڕێڕەوە بکاتەوە و بڕیار بدات کۆنترۆڵی خۆی بەسەریدا بپارێزێت و سەرانە یان باج لە هاتوچۆی کەشتییەکان وەربگرێت، ئەوا پێویستی بە "پلانی B" دەبێت.

ڕوبیۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ''من ئەمڕۆ ئەم بابەتەم هێنایە بەرباس و لەلایەن زۆرێک لە ئامادەبووانەوە ڕەزامەندی لەسەر نیشان درا، بەڵام ئەمڕۆ هیچ هەواڵ یان ڕاگەیەندراوێکی فەرمیم نییە بۆ ئەوەی بە ئێوەی ڕۆژنامەنووسان ڕابگەیەنم.''