کاک مستەفا ئەسەدزادە، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر، دڵسۆز و هونەرمەندی ناسراوی سەردەشت و دوایین ئەندامی بنەماڵەیەکی شەهیدانی کیمیابارانی ئەو شارە، بەهۆی لێکەوتەکانی چەکی کیمیاییەوە کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، کاک "مستەفا ئەسەدزادە" دوای ساڵانێکی درێژ لە بەربەرەکانی لەگەڵ ئازارەکانی برینداربوونی کیمیایی و خەمی لەدەستدانی تەواوی ئەندامانی بنەماڵەکەی، دڵی لە لێدان کەوت.
کاک مستەفا تەنیا ڕزگاربووی بنەماڵەکەی بوو کە لە کاتی کارەساتەکەدا لە شار دوور بوو، بەڵام دواتر لە کاتی بەخاکسپاردنی قوربانییان و فریاکەوتنی برینداران، خۆیشی تووشی بەرکەوتنی گازی کیمیایی بوو و تا کۆتایی تەمەنی بەدەست ئاکامەکانی ئەو ژەهرە و کەمیی ئیمکاناتی پزیشکییەوە دەیناڵاند.
ناوبراو کەسایەتییەکی خۆشناو و خەمخۆری خەڵک و هاوکاری نزیکی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ئەنجومەنی قوربانییانی کیمیابارانی سەردەشت بوو. هەروەها لە بواری هونەریدا دەستڕەنگین بوو و هاوکاریی دروستکردنی چەندین فیلمی دێکیۆمێنتاریی سەبارەت بە کیمیابارانی شارەکەی کردبوو؛ هاوکات پاڵپشتێکی سەرەکیی کچە هونەرمەندەکەی غەزەڵ ئەسەدزادە لە ڕێکخستنی ئاوازی سروود و گۆرانییەکانیدا بوو.
کاک مستەفا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ تەشکیلاتی حیزب و خەڵکی ناوچەکە هەبوو و هەمیشە لە چارەسەرکردنی گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵی پیاوماقووڵی دەگێڕا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.