کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران ئاسمانی چەند ناوچەیەکی بە شێوەیەکی کاتی داخست

10:22 - 2 جۆزەردان 2726

ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران ڕۆژی هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە هێڵی ئاسمانیی ڕۆژاوای ئێران بە شێوەیەکی کاتی داخراوە.

ئەم ڕاگەیەندراوە دوای ئەوە بڵاو کرایەوە کە هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماتیک و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان ئێران و ئەمریکا، چەندین هەواڵیش سەبارەت بە ئامادەکاریی دووبارەی ئەرتەشی ئەمریکا  بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ لە دژی ئێران بڵاو بوونەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران، مۆڵەتی سەرجەم گەشتە ئاسمانییە مەدەنییەکان لەو فڕۆکەخانانەی کە دەکەونە بەشی ڕۆژاوای ناوچەی زانیاریی گەشتە ئاسمانییەکانی تاران (FIR)، هەڵوەشاوەتەوە.

لە ئێستادا تەنیا هەشت فڕۆکەخانە، لەوانەش فڕۆکەخانەکانی مێهرئاباد، خومەینی، ئێسفەهان و یەزد ڕێگەیان پێدراوە چالاک بن.

لەو فڕۆکەخانانەشدا گەشتەکان تەنیا لە کاتی خۆرهەڵات تا خۆراوا ئەنجام دەدرێن و شیرکەتەکانی فڕۆکەوانی دەبێت بۆ هەر گەشتێک، مۆڵەتێکی نوێ لە ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی وەربگرن.