کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قفڵبوونی دەروازەی دوبەی؛ شەپۆلی نوێی گرانیی مۆبایل و لەپ‌تاپ لە ئێران

10:24 - 2 جۆزەردان 2726

بازاڕی دیجیتاڵیی ئێران دوای شەڕی ئەم دواییە تووشی قەیرانێکی قووڵ بووە و بازرگانان هۆشداری لە کەمبوونی توندی کاڵا و ناجێگیریی نرخەکان دەدەن و پشتبەستنی ٩٠٪ی کەرتی تێکنۆلۆژی و ٩٩٪ی بازاڕی مۆبایلی ئێران بە ئیمارات، ئێستا بووەتە خاڵێکی لاواز.

ئامارەکان نیشان دەدەن هاوردەی فەرمیی مۆبایل لە ١١.٤ میلیۆن ئامێرەوە لە ساڵی ١٤٠٣ بۆ ٨.٤ میلیۆن لە ساڵی ١٤٠٤ کەم بووەتەوە و دوای شەڕیش پرۆسەکە بە تەواوی ڕاوەستاوە؛ بە جۆرێک کە ماوەی دوو مانگە هیچ بارێکی گەورەی تێکنۆلۆژی زانیاری نەگەیشتووەتە ئێران.

ئەم بنبەستە تەنیا کێشەی گرانی نییە، بەڵکوو نەبوونی کاڵایە لە بازاڕدا. ئەم دۆخە نالەبارە دوای ئەوە قووڵتر بووەوە کە دەوڵەتی ئیمارات، بەهۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی، بڕیاری بلۆکەکردنی داراییەکانی ئێران و سنووردارکردنی بانکی و داخستنی بەشێک لە دامەزراوەکانی تارانی لە دوبەی داوە.

داخرانی ئەم شادەماره، تەنیا کەرتی مۆبایل و لەپ‌تاپ پەک ناخات، بەڵکوو زەبرێکی قورس لە کار و کاسبییە بچووکەکان، فریلەنسرەکان و کەرتی پەروەردەی ئێران دەوەشێنێت.