کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە دەسبەسەرکرانی دوو لاوی دیکە، ڕێژەی بەندکراوانی ئاودانان گەیشتە ١٧ کەس

09:27 - 3 سەرماوەز 2726

لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی سرووش گیلانی و شایان مەردانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. بەم پێیە ڕێژەی دەسبەسەرکراوانی ئاودانان دوای ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارە، بۆ ۱۷ کەس بەرز بووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سرووش گیلانی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان، لە ئاکامی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

هەروەها هاووڵاتییەکی ناڕازیی دیکە بە ناوی شایان مەردانی، خەڵکی ئاودانان، بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ جۆرە زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی سرووش گیلانی و شایان مەردانی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی منداڵەکانیان بێئاکام ماوەتەوە.

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ۱۷ هاووڵاتیی ئاودانانی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.