کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندێکی سەردەشتی دەسبەسەر کرا و سزای بەندکران بەسەر لاوێکی بانەییدا سەپێندرا

09:23 - 3 سەرماوەز 2726

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، شۆڕش ئەبووبەکری هونەرمەندی سەردەشتی بۆ جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دەزگای دادوەریی ڕێژیم، سزای دوو ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانی بە سەر هێمن خورشیدی لاوی بانەییدا سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢ی سەرماوەز، شۆڕش ئەبووبەکری، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی سەردەشت کە بە «شۆڕەسوار» ناسراوە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

پێشتریش لە ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥، شۆڕش ئەبووبەکری دوای بانگکران و ئامادەبوونی لە دادسەرای شاری سەردەشت بە فەرمانی داواکاری گشتیی دەسبەسەر و دوای چەند ڕۆژێک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هونەرمەندە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا، «هێمن خورشیدی»، خەڵکی بانە کە لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٤دا بۆ ماوەی ٩ ڕۆژ بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی بانەوە بە تۆمەتەکانی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئەمنییەتی ڕێژیم» و «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم»، بەگشتی سزای ٢ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرا.