کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێنیامین نێتانیاهوو هۆشداریی بە گادی ئایزێنکۆت دا و هەڕەشەی ڕێژیمی ئێرانی بە "بەپەلە" وەسف کرد

09:00 - 3 سەرماوەز 2726

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەڵسەنگاندنی گادی ئایزێنکۆت، سەرۆکی پارتی «یاشار»ی سەبارەت بە نەبوونی هەڕەشەی دەستبەجێ لەلایەن ئێرانەوە ڕەت کردەوە و هەڕەشەی کۆماری ئیسلامیی بە «خێرا و بەپەلە» ناو برد.

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە ئێسحاق هێرتزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، ئایزێنکۆتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ڕاسپاردووە.

ئایزێنکۆت پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ نابینێت کە پێویست بکات پێش پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، دەستێوەردانی سەربازی بکرێت، و جەختی لەسەر مەترسیی پاشەکەوتکردنی ٤٤٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران کردەوە، بەڵام نێتانیاهوو ئەم هەڵوێستەی بە «نەبوونی بەرپرسایەتی» ناو برد و هۆشداریی دا کە مانەوەی حکوومەتی داهاتوو بە پشتیوانیی لایەنەکان دەبەسترێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەوان بڕیار لەسەر پرسە ئەمنییە هەستیارەکان و هەڵگیرسانی شەڕ دژی ئێران بدەن.

هاوکات دەیڤید بارنیا، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی مووساد، لە کۆبوونەوەیەکدا لە ئورشەلیم داوای کرد کە ئیسرائیل دەبێت لە دەرفەتی گونجاودا شەڕێکی تر دژی کۆماری ئیسلامی دەست پێبکات، چونکە بە باوەڕی ئەو ڕێککەوتنی دیپلۆماسی بێسوودە و ئامانجی تاران تەنیا لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمییە.

پێشتر کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلیش ڕایگەیاندبوو کە نێتانیاهوو لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنیدا هێرشکردنەسەر ئێرانی بە «حەتمی» زانیوە و داوای لە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، کردووە بە زوویی هێرش بکاتە سەر تاران.

لەلایەکی ترەوە، ناڕازییان و ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لەوەی کە نێتانیاهوو لەپێناو بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی خۆیدا، پێش تەواوبوونی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت، فەرمانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بدات.