وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیریی ئابووریدا، سزای نوێی بەسەر هەشت کەسی ئێرانی و ٢٢ شیرکەت و دامەزراوەی پەیوەست بە تۆڕی بانکیی سێبەری کۆماری ئیسلامیدا سەپاند.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سامانە بیانییەکانی ئەو وەزارەتە، سزادراوەکان بریتین لە چوار شیرکەت لە ئێران، ١٦ شیرکەت لە ئێمارات، شیرکەتێک لە تورکیە و شیرکەتێکیش لە هۆنگ کۆنگ.
هاوکات، تۆڕی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکانی ئەمریکا (فینسێن) ڕایگەیاند کە نزیکەی ١٤.٧ میلیارد دۆلار چالاکیی داراییی گوماناویی پەیوەست بەم تۆڕە نهێنییەی ئێرانی لە وڵاتانی وەک ئێمارات، هۆنگ کۆنگ و سەنگاپوور ئاشکرا کردووە، کە لە بوارەکانی نەوت، کەشتیوانی و دابینکردنی تێکنۆلۆژیدا کار دەکەن.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕایگەیاند: «ئابووریی ئێران خەریکە نوقم دەبێت و سەرکردەکانی تووشی ترس و شڵەژان بوون. سیستەمی بانکیی سێبەر دوایین شادەماری دارایی ڕێژیمێکی مایەپووچە».
ناوبراو جەختی کردەوە کە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەم تۆڕانە و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی بەرنامە سەربازی و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی تاران بەردەوام دەبن.