وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٢ی سەرماوەز لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی حەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند، بەهۆی ئامادەنەبوونی باڵیۆزی قەتەرەوە، کارداری کاروباری ئەو وڵاتەی بانگ کردووە و ناڕەزایەتیی فەرمیی تاران سەبارەت بە بەیاننامە هاوبەشەکەی قەتەر و ئاڵمانی پێ ڕاگەیاندووە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم، مەحکوومکردنی هەنگاوەکانی کۆماری ئیسلامیی لەو بەیاننامەیەدا بە «قەبووڵنەکراو» وەسف کرد.
ئەم بەیاننامە هاوبەشە ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەر و لە نێواخنی سەردانە فەرمییەکەی شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر بۆ ئاڵمان بڵاو کرایەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە هەردوو وڵات داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکەن بەڵێنییەکانی خۆی لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی جێبەجێ بکات و «هاوکاریی تەواو» لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بکات بۆ ئەوەی ئاشتییانەبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بسەلمێنرێت.
هەر لەو بەیاننامەیەدا هەردوو وڵات داوایان لە حوسییەکان کردووە «دەستبەجێ» هەموو چالاکییە سەربازییەکانیان ڕابگرن و داواشیان لە کۆماری ئیسلامی کردووە کۆتایی بە پڕچەککردن و پشتیوانیکردنی حوسییەکان بهێنێت.
هەروەها ئاڵمان و قەتەر هەر هەوڵێکیان بۆ داخستنی گەرووی هۆرمۆز یان دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم ئازادیی کەشتیوانیدا بە «تەواوی» ڕەت کردەوە و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە ناو بردبوو.