مارک ڕووتە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ناتۆ ڕایگەیاند، کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر گەرووی هۆرمۆز، وەک "هێرشی ڕاستەوخۆ" بۆ سەر ئازادیی کەشتیوانی و بازرگانیی جیهانی ئەژمار دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، مارک ڕووتە لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە شاری "هێلسینبۆری" لە سوید، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ''ئێران بە داخستنی گەرووی هۆرمۆز دەیەوێت ئابووریی جیهانی بە بارمتە بگرێت؛ ئەمەش هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئازادیی کەشتیوانی و بازرگانیی جیهانی کە کاریگەریی لەسەر هەموو لایەکمان دەبێت.''
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە دەبێت وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بۆ گەرەنتیی کراوەهێشتنەوەی گەرووی هۆرمۆز، لەسەر هەنگاوی کردەیی و هاوئاهەنگ ڕێک بکەون؛ لەوانەش جێگیرکردن و ڕەوانەکردنی کەرەستە و پێداویستییە سەربازییە زەروورییەکان بۆ ناوچەکە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوەش دا کە ئالنگارییە ئەمنییەتییەکان زیاتر لە جاران بە یەکەوە گرێ دراون، بۆیە هاوکاریی نزیکتر لە نێوان وڵاتانی ئەندام و شەریکەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دۆخە پێویستە.