کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باجگیریی نایاسایی تاران لە گەرووی هۆرمۆز؛ هەوڵێک بۆ شاردنەوەی شکستە سەربازییەکان

14:47 - 2 جۆزەردان 2726

ڕێژیمی ئێران بە ڕاگەیاندنی قەوارەیەکی نادیار بە ناوی "نهاد مدیریت آبراه خلیج فارس"، دەیەوێت بە زۆرەملێ باج و سەرانە بەسەر کەشتیگەلی نێودەوڵەتی لە گەرووی هۆرمۆزدا بسەپێنێت.

تاران لە ڕێگەی نەخشەیەکی چەواشەکارانەوە ڕایگەیاندووە کە تێپەڕبوون لەم ڕێڕەوە نێودەوڵەتییە پێویستی بە مۆڵەتی سپای پاسداران هەیە و داوای باجی تا ٢ میلیۆن دۆلار بە یوانی چین یان ڕەمزئەرز دەکات، بۆ ئەوەی ساڵانە ٣ بۆ ٨ میلیارد دۆلار بۆ تێچووی تێرۆریزم دابین بکات.

ئەم دەستدرێژییە کە ئاوەکانی ئیماراتیش دەگرێتەوە، کاردانەوەی توندی ئەبووزەبیی لێکەوتەوە؛ ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیمارات، ئەم بڕیارەی بە وەهمی تاران بۆ شاردنەوەی شکستە سەربازییەکانی ناو برد.

ئەم باجگیرییە لە کاتێکدایە کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دژی بەندەرەکانی ئێران بەردەوامە و واشنگتۆن لەم دواییانەدا سێیەمین نەوتهەڵگری گەورەی سەر بە تارانی لە زەریای هێنددا ڕاگرتووە؛ دۆخێک کە گەرووی هۆرمۆزی کردووەتە گۆڕەپانی ململانێی هاوتەریبی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران.