کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگیرکردنی سەیتەرەی پشکنینی لەیزەری و هێزی بیانی لەسەر ڕێگاکانی کوردستان

15:04 - 2 جۆزەردان 2726

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکانی لە پارێزگای سنە گەیاندووەتە بەرزترین ئاست و زنجیرەیەک خاڵی پشکنینی نوێی لەسەر جاددە سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی ئەو پارێزگایە جێگیر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندن، ڕێژیم لەسەر ڕێگاکانی "سنە بۆ مەریوان" (لە ڕێگەی گاران و جانەوەرە)، "مەریوان بۆ سەقز" (لە بەسام و کانیعمەت) و هەروەها ڕێگای "مەریوان بۆ کامێران" (لە نێوان دەگاگا و ژریژە بەرەو پاڵنگان) سەیتەرەی جێگیر کردووە.

ئامانجی سەرەکیی ڕێژیم لەم هە‌نگاوەی ڕێژیم، کۆنترۆڵکردنی توندی هاتوچۆی هاووڵاتییانە؛ بە جۆرێک کە لەم سەیتەرانەدا ئامێری پێشکەوتووی پشکنین و سیستەمی لەیزەری جێگیر کراون و سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان بە وردی دەپشکێنرێن.

بەپێی زانیارییەکان، بەشێکی بەرچاو لەو هێزانەی لەم خاڵانەدا جێگیر کراون، چەکدارانی بیانیی عێراقی و لوبنانین.

ڕێژیمی تاران بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی هێزەکانی و توندکردنەوەی کەشی سەرکوتکاری لە کوردستان، چەکدارانی سەر بە گرووپە میلیشیاکانی حیزبوڵڵا و هێزە نیابەتییەکانی عێراقی هێناوەتە ناوچەکە و ئەرکی پشکنین و ئەشکەنجەدانی دەروونیی هاووڵاتییانی پێ ئەسپاردوون.