کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکسیۆس: ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز لەخۆ دەگرێت

09:27 - 3 جۆزەردان 2726

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردەوە، واشنگتۆن و تاران لە ڕێککەوتنێکی نوێ نزیکبوونەتەوە کە ئاگربەستێکی ٦٠ ڕۆژە دەگرێتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لەو ماوەیەدا گەرووی هۆرمۆز دەکرێتەوە و ڕێگە بە ئێران دەدرێت نەوت بفرۆشێت، لە بەرامبەردا دانوستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەست پێدەکات.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لەم قۆناغەدا گەرووی هۆرمۆز بە تەواوی بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان ئازاد دەبێت و ئێران پێبەند دەبێت بە پاککردنەوەی ئەو مینانەی لەوێدا چاندوونی. لە بەرامبەردا، ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لادەبات و چەند بەخشینێکی گەمارۆکان دەردەکات بۆ ئەوەی تاران بتوانێت نەوتەکەی بفرۆشێت و داراییە بلۆککراوەکانی ئازاد بکرێن.

لە لایەکی دیکەوە، پێشنیازەکە بەڵێنی ئێرانی تێدایە بۆ دەستڕانەگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و هەڵپەساردنی پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ڕێژەی بەرز.

سەرچاوەکان دەڵێن ئێران لە ڕێگەی نێوبژیوانانەوە بەڵێنی زارەکی داوەتە ئەمریکا کە لە بەرامبەر کەمکردنەوەی گەمارۆکان ئیمتیازی ڕاستەقینە لە دۆسیە ئەتۆمییەکەیدا پێشکەش بکات.