کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆبیۆ: ڕێگە نادەین ئێران گەرووی هۆرمۆز کۆنتڕۆڵ بکات

10:57 - 3 جۆزەردان 2726

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە زنجیرە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆسیەی ئێران جەختی کردەوە کە واشنگتۆن هیچکات ڕێگە بە ئێران نادات گەرووی هۆرمۆز کۆنتڕۆڵ بکات.

ئەو بە ئاماژەدان بەم بابەتە وتی: ''گەرووی هۆرمۆز ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتییە و ئێران خاوەنی نییە.''

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: ''لە ئێستادا سەرقاڵی تاوتوێکردن و لێکۆڵینەوەین لەسەر چەند پرسێکی تکنیکیی دیاریکراو سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران.''

ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئێران بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات، ڕوونی کردەوە کە ئەمریکا لە ڕێگەی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی کەنداو، گەیشتووەتە پێشکەوتنی بەرچاو لە دۆسیەی ئێراندا.

ڕۆبیۆ لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ئەمڕۆ زانیاری و وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە هەڵوێستە نوێیەکان لە بەرامبەر ئێراندا ڕادەگەیەنێت.