کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە سوید

15:13 - 3 جۆزەردان 2726

ڕۆژی هەینی ١ی بانەمەڕ، کادری دێرین و نیشتمانپەروەری نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، "سەید حەسەن هاشمی" ناسراو بە ''خاڵە سەید حەسەن''، لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.


خاڵە سەید حەسەن ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی لە گوندی "قوزلووی چوکەی"ی سەر بە شاری مەهاباد لەدایک بوو. ئەو لە تەمەنی منداڵیدا و لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا چاوی بە پێشەوا قازی محەممەد کەوتبوو، کە هەر ئەو دیدارە هەستی نیشتمانپەروەری لە ناخیدا بەئاگا هێنابوو.


 لە ساڵی ١٣٤١ی هەتاویدا بەهۆی چالاکیی سیاسی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتدا لەلایەن ڕێکخروای ساواکی ڕێژیمی پەهلەوی دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی دوو ساڵ خرایە بەندیخانە.


دوای ئازادبوونی لە بەندیخانە، بەهۆی مەترسیی دووبارە دەسبەسەرکردنەوەی، ڕووی لە باشووری کوردستان کرد و لە شاری قەڵادزێ لەگەڵ ڕێبەرانی شەهید و تێکۆشەرانی وەک شەهید ئیسماعیل شەریفزادە و نەمران حەمەئەمین سیڕاجی و سالار حەیدەری یەکیان گرتەوە و درێژەیان بە خەبات دا.


ماڵی خاڵە سەید حەسەن لە مەهاباد، هەمیشە وەک بنکەیەکی حیزبی و سیاسیی لێهاتبوو؛ بەجۆرێک پێش ڕوخانی ڕێژیمی پاشایەتی، زۆربەی دیدارە نهێنییەکانی شەهید دوکتور قاسملوو و مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لەگەڵ تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە لە ماڵی ئەودا بەڕێوە دەچوون. تەنانەت بڕیاری یەکەم خۆپێشاندانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد لە ماڵی ناوبراودا درا.


دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، خاڵە سەید حەسەن بە ئاشکرا تێکەڵ بە خەباتی حیزب بووەوە و بەهۆی دەستپاکییەکەیەوە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەرپرسیاریەتیی بەشی ماڵیی حیزب پێسپێردرا. هەروەها بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک بەرپرسی نەخۆشخانەی حیزب خزمەتی کرد و لە نێوان کۆنگرەکانی پێنجەم و شەشەمیشدا، وەک ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات هەڵبژێردرا.


ئەم تێکۆشەرە دێرینە لە ساڵی ١٩٨٧ی زایینییەوە لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو، بەڵام تا دواساتەکانی ژیانی پەیوەندیی بە حیزبی دێموکرات و دۆزی ڕەوای گەلەکەیەوە نەپچڕا و هەمیشە وێردی سەر زمانی ئەم ڕستەیە بوو: ''هەرچی دەبی ببە، بەڵام کورد بە.''


ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.