وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی بابەتێکی کورت لەگەڵ وێنەی چارتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، باسی لە دابەزینی زیاتری بەهای دراوی ئێران وەک نیشانەیەک بۆ سەرکەوتنی سیاسەتەکانی گوشاری زۆرینە کرد کە بە ''تووڕەیی ئابووری'' ناوی بردووە.
سکات بێسێنت لەم بابەتەدا نووسیویەتی کە لە ئەنجامی ''تووڕەیی ئابووری'' بەهای دراوی میللیی ئێران گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی.
وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە درێژەدا نووسیویەتی: ''خەڵکی ئێران شایستەی سەردەمێکی نوێن؛ شتێک کە ڕێژیمی گەندەڵ و بێبەرنامەی ئێستا ناتوانێت دابینی بکات.''
بێسێنت بابەتەکەی بەم شێوەیە کۆتایی پێ دەهێنێت: ''بە وەستانی پیشەسازیی نەوت و هەرەسهێنانی بەهای دراو، کاتی ئەوە هاتووە کە ڕێژیمی ئێران قەبووڵی بکات کە خەڵکی ئەم وڵاتە شایستەی شتی زۆر باشترن لەوەی کە پاشماوەکانی ڕێژیمی ئێستا دەتوانن بۆیان دابین بکەن.''
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕیاڵی ئێران تووشی دابەزینێکی مێژوویی و بێوێنە بوو و نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە ١٨٠ هەزار تمەن تێپەڕی.