کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی یەکێک لە گیراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانبار

08:57 - 4 جۆزەردان 2726

دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی شەپۆلی نوێی سەرکوتکاری و چاوترسێنکردنی خەڵکدا، حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەک بە ناوی "عەباس ئەکبەری فەیزئابادی"ی جێبەجێ کرد. ناوبراو یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شاری نایینی سەر بە پارێزگای ئێسفەهان بووە.
هەواڵدەریی "میزان"ی سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە تۆمەتەکانی سەر ئەکبەری پێکهاتبوون لە موحاربە، تێکدانی ئەنقەستی موڵکی گشتی، تێکدانی نەزم و ئەمنییەتی کۆمەڵگە و کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی.
دەزگای دادوەریی ڕێژیم ئیدیعای کردووە کە ناوبراو لە کاتی هێرشکردنە سەر فەرمانداریی نایین و بنکە ئەمنییەتییەکان، بە دەمانچە تەقەی لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی میزان، دادگا بە پشتبەستن بە "دانپێدانانی زۆرەملێ"، گرتەی ڤیدیۆیی تەقە و ڕاپۆرتی هێزە ئینتزامییەکان ئەم حوکمەی دەرکردووە و حوکمەکە دوای پشتڕاستکردنەوەی لە دیوانی باڵای ڕێژیم، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ جێبەجێ کراوە.
کۆماری ئیسلامی کە بەهۆی قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکانەوە لە لێواری داڕماندایە، سێدارە وەک تاکە ئامرازی مانەوەی خۆی بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگە بەکار دەهێنێت.