کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: لەگەڵ ترامپ هاوڕاین کە دەبێت ئۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران بچێتە دەرەوەه

09:02 - 4 جۆزەردان 2726

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەو و دۆناڵد ترامپ، لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ ئێران دەبێت هەڕەشە ئەتۆمییەکەی تاران لەنێو ببات.

نێتانیاهوو ڕوونی کردەوە کە ئەمە بە واتای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی پیتاندنی ئەتۆمیی ئێران و بردنەدەرەوەی ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوەکان لە خاکی ئەو وڵاتەیە.

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندووە ئێران زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێنراوی تا ئاستی ٦٠ لەسەد هەیە، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەنێو دامەزراوە ژێرزەمینییەکاندا پارێزراون.

 ترامپ پێشتر چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە دەبێت ئێران ئەم ماددانە ڕادەستی ئەمریکا بکات. هەروەها لەم پەیوەندییە تلفۆنییەدا، ترامپ جارێکی دیکە پاڵپشتیی خۆی بۆ مافی ئیسرائیل لە بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر هەڕەشەکان لە هەموو بەرەکاندا، لەوانەش لە لوبنان، دووپات کردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە ترامپ نێتانیاهووی دڵنیا کردووەتەوە کە لە دانوستانەکاندا بە توندی پێداگری لەسەر داواکارییەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات.

 ئەم بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد کە ترامپ بەبێ جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە و هێنانە دەرەوەی تەواوی ئۆرانیۆمە پیتێنراوەکە، ئامادە نییە هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ تاراندا واژۆ بکات.