کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مارکۆ ڕۆبیۆ: یان ڕێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێران یان گرتنەبەری ڕێگایەکی دیکە

09:08 - 4 جۆزەردان 2726

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ ڕایگەیاند کە ئەمریکا یان دەگاتە ڕێککەوتنێکی باش لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، یان بە "ڕێگایەکی دیکە" و دەرەوەی دیپلۆماسی مامەڵە لەگەڵ تاران دەکات.

ڕۆبیۆ لە دێهلیی نۆ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان جەختی کردەوە کە واشنگتۆن پێش ئەوەی بیر لە گرتنەبەری بژاردە جێگرەوەکان بکاتەوە، هەموو دەرفەتێک بە سەرکەوتنی دیپلۆماسی دەدات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە مەرجەکانی ئەمریکا ڕوونن و بژاردەیەکی تەواو دیاریکراو لەسەر مێزە کە بریتییە لە پێویستیی کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن ئێرانەوە و چوونە ناو دانوستانێکی ڕاستەقینە، گرنگ و خاوەن سنووری کاتیی دیاریکراو سەبارەت بە دۆسییەی ناوکی.

ئەم پەیامەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە واشنگتۆن هەروەها لە گەمارۆی توندی دەریایی دژی ئێران بەردەوامە و گوشارێکی بێ‌وێنەی خستووەتە سەر تاران.