نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان، داواکارییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بۆ داماڵینی چەکی ئەم گرووپە ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە شتێک بە ناوی لێسەندنەوەی چەکی حیزبوڵڵا بوونی نییە و ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی لەناوچوونی هێزی بەرگریی لوبنان.
نەعیم قاسم هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی بەیرووت و واشنگتۆن؛ ناوبراو دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی ڕەت کردەوە و هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر دەوڵەتی لوبنان مەرجەکانی حیزبوڵڵا جێبەجێ نەکات، دەبێت دەست لەکار بکێشێتەوە و داوای خۆپیشاندان دژ بە دەوڵەتی کرد.
لەم پێوەندییەدا، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، داواکاریی حیزبوڵڵای بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتی لوبنان بەتوندی مەحکووم کرد.
ڕۆبیۆ ڕایگەیاند کە حیزبوڵڵا داواکارییەکانی دەوڵەتی شەرعیی لوبنانی بۆ ڕێزگرتن لە ئاگربەست پێشێل کردووە و بە ناردنی چەک و چەکدار بۆ باشووری لوبنان، بە شێوەیەکی چالاکانە هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی وڵات بەرەو بشێوی و وێرانکاری دەدات.