شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزب لە فینلاند، بەشداریی لە ٤٨ـەمین کۆنگرەی حیزبی سۆسیال دێموکراتی فینلاند (SDP) کرد و چەندین چالاکیی دیپلۆماسییان لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا بەڕێوە برد.
کۆنگرەی حیزبی سۆسیال دێموکراتی فینلاند لە ڕۆژانی ٢٣ تا ٢٥ی مەی ٢٠٢٦ لە شاری تامپەرە بەڕێوە چوو و تێیدا ''ئانتی لیندتمان'' دووبارە وەک سەرۆکی حیزب و "میکێل نێکالایارڤی" وەک سکرتێری حیزب هەڵبژێردرانەوە. لەم کۆنگرەیەدا، جیا لە شاندی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی شەهێن زادئەحمەد، نوێنەرانی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکراتی گەلان (DEM Partî)یش ئامادە بوون.
لە چوارچێوەی چالاکییەکاندا، نووسراوەیەکی هاوبەشی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کەمپی حیزبەکان لە باشووری کوردستان، بەسەر میوانە نێودەوڵەتییەکاندا بڵاو کرایەوە. هەروەها لە دیدارە دیپلۆماسییەکاندا جەخت لەسەر گرنگیی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی گەلی کورد کرایەوە.
هەروەها لە ڕۆژی دووەمی کۆنگرەدا لە سێمینارێکی تایبەتدا، وتارێک لەلایەن مەجید حەقی بە نوێنەرایەتیی لایەنە کوردییەکان پێشکەش کرا. لە وتارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە پرسی کورد و مافەکانی، وەک بابەتێکی گرنگی سیاسی و مافی مرۆڤ، بخرێتە نێو بەرنامە و دیسکۆرسی سیاسیی حیزبە سۆسیال دێموکراتەکانی ئورووپاوە.


